تبليغاتX
‍‍‍‍‍‍‌چه‌مه‌ڕا

به به‌ژنی به‌رزی تابلۆیه‌ك

ره‌نگێ هه‌ره ره‌شيان بڕی

بێ سێ و دوو

شه‌وی نه‌خشاند !

ره‌نگی سووريان

له سه‌رپژان

سوور يادێ بوو له شه‌هيدان.

ره‌نگی سه‌و‌زيان له سه‌ر ڕۆ كرد

سه‌رهه‌ڵدان بوو و بووژانه‌وه.

رقيان هه ستاو چوون بۆسپی !

وتی : حاشا

شه‌ڕو ئاشتی ؟!

چاره‌ملی

ئاگريان‌دا

به‌رزو پيرۆز

تابلۆ یه‌تر بوو به نه‌ورۆز

+ نوشته شده در  یکشنبه سی ام دی 1386ساعت 23:54  توسط حسن اميني  | 

بۆ گۆرانی             

 

وه‌رزی به‌هاره و مه‌ستووره‌ی خاڵدار

بارگه‌كه‌ی تێک ناو ئه‌چێته هـــــه‌وار

                    ئازيز ته‌واره  ئازيز   تـــه‌واره

                    مه‌لێ به‌رزه‌فڕ هيوای هه‌ژاره

ماڵ ئاوايـــــــــــــێ كرد له ماڵه بـــاوان

گرتوويه‌ته به‌ر رێی ســـــووری لاوان

                    ئازيز ته‌واره ئازيز تــــــــه‌واره

                    مه‌لێ به‌رزه‌فڕ هيوای هه‌ژاره

ده‌ستی كروه ته ملی مانـــــــــگه‌شه‌و

ده‌بڕێ رێی ئاسۆ شان به شانـــی ئه‌و

                    ئازيز ته‌واره ئازيز تـــــــه‌واره

                    مه‌لێ به‌رزه‌فڕ هيوای هه‌ژاره

به شه‌می جه‌سته‌ی شه‌وئه‌تارێنێ

ئاسۆی دوارۆژی گه‌ل به‌دی دێنێ

                      ئازيـــــــز ته‌واره ئازيز ته‌واره

                      مه‌لێ به‌رزه‌فڕهيوای هه‌ژاره

+ نوشته شده در  سه شنبه بیست و پنجم دی 1386ساعت 14:12  توسط حسن اميني  | 

ده‌مه‌و بـه‌هار يه‌كه‌م بـــــــــاران

له لای زه‌وی بوو به ميــــــــــوان

زه‌وی كه دی خۆشه‌ويستـــــــــــی

ده‌ستی ناوه‌ته نێو ده‌ستـــــــــی

دڵی نا به‌ر رێژنه‌كــــانـــــــــی

گابه‌ردی كرد به قـوربانـــــــــی

هه‌ر‌چی هه‌بـوو درشــــــــت‌و ورد

هه‌مووی پێش‌كه‌ش به باران كرد

كه بارانيش باران بــــــــــــڕان

ويستی چۆڵ كات جێگــای ژوان

به قه‌د ده‌نكه ده‌نكه‌ی رێــژنه‌ی

گوڵی جێ هێشت بۆ ياره‌كــــه‌ی
+ نوشته شده در  دوشنبه بیست و چهارم دی 1386ساعت 17:1  توسط حسن اميني  | 

 

شاعیر ره‌حیم لوقمانی لیسانسی ئه‌ده‌بیاتی فارسی هه‌یه‌و ئێسته‌ مامۆستای قوتابخانه‌کانی شار سنه‌ یه‌و خه‌ڵکی شاری سه‌قزه‌و   که‌سایه‌تیه‌کی شێعری کوردستان به‌ تایبه‌ت کوردستانی ئێرانه‌ که‌ ساڵانێکی زۆره‌  له‌ بواری شێعرو نووسین و وه‌رگێڕان و کۆکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ فولکلۆڕیه‌کان دا چالاکه‌و هه‌تا به‌ ئێستا سه‌ره‌ڕای که‌ندوکۆسپی زۆر له‌ سه‌ر رێیدا دووبه‌رهه‌می کتێبی  "زامستان" شێعرو "فاشێزم چیه‌ " وه‌رگێڕان پێش که‌ش به‌ کتێبخانه‌ی کورده‌واری کردوه.هه‌روه‌ها ئه‌مبابه‌تانه‌یشی ئاماده‌ی بڵاوبوونه‌وه‌یه‌ :

 

ده‌نگی باران" کۆمه‌لێک شێعر بۆمناڵان ..........ئاماده‌ی چاپه‌.

"کۆماری بێده‌نگی" کۆمه‌ڵه‌شێعرێکی تازه‌یه‌........ که‌ ئاماده‌ی چاپه‌.

کۆمه‌ڵێک ئه‌فسانه‌وچیرۆکی کوردی ناوچه‌ی سه‌قز وموکریان ....ئاماده‌ی چاپه‌.

"که‌شکۆڵێک له‌ئه‌ده‌بی بێگانه‌" وه‌رگێڕانی چه‌ند کورته‌چیرۆک.... ئاماده‌ی چاپه‌.

"که‌رێک میداڵی وه‌رگرت" سێ چیرۆک بۆ زمانی تازه‌لاوان....ئاماده‌ی چاپه‌ "

وه‌رگێڕانی شێعره‌کانی "شاندورپتوفی" .......ئاماده‌ی چاپه‌.

نووسینی چه‌ند کورته‌ چیرۆک .... ئاماده‌ی چاپ.

 

کۆی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ هێنامانیه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ دیدارێکی تایبه‌تمان له‌گه‌ڵ شاعیر ره‌حیم لوقمانی له‌ رێکه‌وتی سه‌رماوه‌ز ی 2707 کوردی  ببێت که‌ ده‌قی ئه‌و وتوو وێژه‌ ئه‌خه‌ینه‌ به‌ر دیده‌و سه‌رنجی بینه‌ران وخوێنه‌رانی .

 

ئاماده‌ کردنی: حه‌سه‌ن ئه‌مینی
 

 

********************************************** 

 

ره‌وتی ئه‌ده‌بی له‌ کوردستان چۆن ئه‌بینی ؟

 

ده‌ره‌نجام و وڵامی دروستی ئه‌م پرسیاره‌ کاتێک ئاشکراو به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ ، که‌ به‌راستی ئه‌ده‌ب و ژانره‌کانی له‌ ره‌وتێکی به‌رده‌وام دا بێ و هیچ کۆسپێکی نه‌هاتبێته‌ رێ. به‌ڵام ئه‌مڕۆ که‌ به‌ستێنێکی ئازاد بۆ ره‌وتی رووناکبیری و به‌ تایبه‌ت هونه‌روئه‌ده‌بیات به‌دی ناکرێ و ده‌نگی شاعیرو نووسه‌ر له‌ هیچ تریبوونێکه‌وه‌ ناگاته‌ به‌ر ده‌نگی (موخاتب)  خۆی  ، چۆن بزانین ره‌وتی ئه‌دبیاتمان له‌ چ ئاستێکی ناوخۆیی وجیهانی دایه‌ ؟! خاڵی به‌رجه‌سته‌و لاواز له‌ رووی چی یه‌وه‌و به‌ کام پێوه‌ر دیاری بکرێ؟!

ئه‌گه‌ر لێره‌و له‌وێ تاک وته‌رایه‌ک به‌رهه‌مێکی هێڵه‌ک کراو به‌ ده‌ستی شاعیر چاپ ده‌کرێ یان له‌ گوڤارێکی ده‌وڵه‌تیدا ستوونێکی کوردی پڕ ده‌کرێته‌وه‌ ، ناکرێ وه‌ک سیمای راستی وته‌واوکه‌ری ئه‌ده‌بی کوردی له‌م به‌شه‌ی کوردستان پێناسه‌ بکرێن .

بوونی به‌ستێن وزه‌مینه‌ی فکری   رێ خۆش ده‌کا  تا هه‌رچه‌شنه‌ بزاڤێکی هونه‌ری ، ئه‌ده‌بی کۆمه‌ڵایه‌تی و .. گه‌شه‌ بستێنێ و خۆی له‌ ئاستێکی به‌رۆژی جیهانیدا دیاری بکا . خاڵی به‌رچاوی نیگه‌تیڤ و پوزه‌تیڤیش ئه‌وده‌م باشتر خۆی دیاری ده‌کات.

 

 

به‌ره‌ی نوێ ، سوننه‌تی و ناسیونالیزم چۆن تاوتوێ  ده‌که‌ی؟

 

پێش که‌وتن ، تازه‌بوونه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ژیانی مادی بێ گومان کار ده‌کاته‌ سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ژیان وه‌ک هونه‌ر ، ئه‌ده‌ب ، ئه‌ندێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئایین و... هه‌رنوێگه‌رییه‌ک که‌ له‌ ناو زه‌مینه‌ی پێش خۆی رسکا بێ له‌ بیروباوه‌ڕی کۆمه‌ڵگا باشتر وپه‌سه‌ندتر جێده‌گرێ.

شێعر که‌ زاده‌ی ده‌روونی مرۆڤه‌ پاش هه‌رده‌وره‌یه‌ک تازه‌بوونه‌وه‌ی پێویسته‌ یان به‌رده‌وام له‌ ره‌وتی گه‌شه‌ سه‌ندن وتازه‌بوونه‌وه‌ی خۆیدایه‌ . وه‌ک چۆن پێستی مرۆڤ پاش ده‌وریه‌کی کورت کاژ فڕێ ده‌داو تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ .

به‌ڵام زه‌مانی ئاڵوگۆڕی ئه‌ده‌بیات درێژخایه‌نه‌و زه‌مان وزه‌مینه‌ی پێویستی ده‌وێ .

هه‌میشه‌ زۆرکه‌س هه‌وڵیان داوه‌ که‌ له‌ چوارچێوه‌کانی باوی سه‌رده‌م و پێشتر ، خۆیان ده‌ربازکه‌ن . زۆربه‌ی ده‌نگی به‌ره‌ی نوێتر که‌ ده‌بیسم له‌ سه‌ر شکاندنی زمان وفوڕمه‌ . هه‌رچه‌ند زمان وفوڕم له‌ بنه‌ماکانی شێعرن ، به‌ڵام به‌ ته‌نیا گرنگی دانی ئه‌م لایه‌نه‌ ، ده‌بێته‌ هۆی لاوازبوونی لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی شێعر (خه‌یاڵ ، سۆز، جوانکاری ، داهێنان وێناکردنی تازه‌وئه‌ندێشه‌وپه‌یام ) ره‌نگه‌ هه‌ندێک له‌ تازه‌کاران به‌ شکاندنی هه‌نجارێک له‌ چه‌ند کورته‌ شێعردا یان به‌ هێنانی چه‌ند وشه‌ زانستی یان له‌ فه‌رهه‌نگی ته‌کنولۆژی مودێڕن – که‌ بوونه‌ته‌ به‌شێکی ژیانمان – قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بکه‌ن که‌ شێعره‌که‌یان باوی سه‌رده‌می شکاندووه‌ و ته‌واو مودێڕنه‌ ! به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی شێعرو ره‌وتی پێش خۆیان وشێعری کلاسیکی نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌ باشی نه‌ناسن ، به‌رهه‌مه‌که‌یان ته‌مه‌ن کورته‌ و له‌ ناو خه‌یاڵ وبیری به‌رده‌نگی خۆی (موخاتب)   و کۆمه‌ڵگا ریشه‌ داناکوتێ.

       تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له‌ شێعری کوردیدا – له‌ باری فکر و په‌یامه‌وه‌ - هه‌بوو – که‌ تا ئه‌مڕۆش به‌ جۆرترین و شێوازگه‌لی جیا جیا ده‌نگی داوه‌ته‌وه‌ ؛ ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌و خۆشه‌ویستی خاکه‌ ! پێش له‌وه‌ی  ده‌مارگرژێکی تورک ، عه‌ره‌ب ، فارس وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ستی سه‌دان ساڵه‌و ماستاوکه‌ره‌کانی خۆیشمان  به‌ ناسیونالیزم و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ست تاوانبار بکه‌ن ، با ئاوڕێکی مێژوویی ئه‌م میلله‌ته‌ بده‌نه‌وه‌ . کام میلله‌تی دنیا هه‌یه‌ وه‌ک ئێمه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی مێژوو   ژینوسایدو غه‌دری دڕندانه‌ی  لێ کرابێ؟!

کێ وه‌ک ئێمه‌ له‌ سه‌ر خاکی خۆیشی سه‌ره‌تایی ترین مافی ئینسانی   یان به‌ قه‌ده‌ر ئاژه‌ڵێک مافی ئه‌ویشی نه‌بێ به‌ زمانی خۆی بخوێنێ و ...

کاتێک هونه‌رمه‌ندێک ، شاعیرێک له‌ ناو ئازاری نه‌ته‌وه‌ی خۆیدا بژی چۆن ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته‌ کار ناکاته‌ سه‌ر بیروهه‌ست وهونه‌ری؟!

شێعری ئه‌و گه‌لانه‌ی که‌ به‌شێکی ژیانیان بۆ به‌رگری کردن له‌ خۆیان بوه‌ هه‌ر به‌م ئاسته‌دا تێپه‌ڕیوه‌ و هه‌ربه‌وبۆنه‌شه‌وه‌ وه‌ک نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی شێعری له‌ دنیادا ناسراون وکه‌سیش پێی نه‌گوتون ناسیوزالیزمی به‌رچاوته‌نگ !! وه‌ک به‌ ئێمه‌ی ده‌ڵێن . وه‌ک شێعری فه‌له‌ستین ، ئه‌مریکای لاتین ، ئه‌فریقای ره‌ش پێست و ئه‌وگه‌لانه‌ی زه‌مانێک مه‌سته‌عمه‌ره‌ بوون (که‌چی له‌ ئێمه‌ باشتر ده‌ژیان) من ئه‌و جۆره‌ بیرۆکه‌ نابووته‌ ره‌ت ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ شێعری میلله‌تێک به‌ نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تاوانبار بکرێ .

ئه‌م بیرۆکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ . بۆچی تا زه‌مانێ به‌ کولتوورو زمانی ئه‌وان بیر ده‌که‌یه‌وه‌ مرۆڤێکی مودێڕن وپێش که‌وتوویت ، به‌ڵام که‌ ئاوڕت له‌ زمانی خه‌م وئازاره‌کانی سه‌دان ساڵه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆت بده‌یته‌وه‌ ئیتر ده‌بیته‌ دێو ودرنج وره‌گه‌زپه‌ره‌ست و...

ئه‌گه‌ر شاعیری کو‌رد له‌ نیوه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌وه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆ باسی ئازادی ونانی کردوه‌ . چونکه‌ میلله‌ته‌که‌ی نه‌یبوه‌ . ئه‌گه‌ر باسی کوردستانی کردوه‌ به‌ڕاستی بۆ ئه‌ونه‌بوه‌و لێی داگیرکراوه‌. هونه‌روئه‌ده‌بیات به‌ گشتی زاده‌ی بارودۆخی مێژوویی وکۆمه‌ڵایه‌تی ، رامیاری کۆمه‌ڵگایه‌و به‌ جۆرێکی راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی مادی وفکری وفه‌لسه‌فی کۆمه‌ڵگای له‌ سه‌ره‌ .

 

ئه‌رکی شێعر له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا چیه‌وچۆنی ده‌بینی؟

 

به‌ڕای من پێش هه‌مووشتێک ئه‌رکی شێعر ، شێعرییه‌ت وهونه‌ره‌ به‌ زمان وخه‌یاڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی شاعیرانه‌وه‌ . ئه‌گه‌ر شێعر وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌ک چاوی لێبکه‌ین که‌ له‌ خزمه‌تی ئایدۆلوژیاوبیرۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت بێ ئه‌وه‌ ئیتر شێعر نییه‌وده‌زگایه‌کی راگه‌یاندنه‌و به‌س . ره‌نگه‌ هه‌ر ده‌سه‌ڵات وسیستمێک بۆخۆی شتی وای هه‌بێت . ئه‌وانه‌ خیتابی رۆژوسیاسه‌تن و رۆحی شاعیرانه‌یان تێدانییه‌ . به‌ڵام شێعری راسته‌قینه‌ی ره‌ها، رۆحێکی سه‌رکه‌ش وره‌های خۆی هه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ . ئه‌شق وسۆزوخه‌موناکامی وشادی ومه‌سه‌له‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسه‌ت وفه‌لسه‌فه‌ش داگیر بکا وشێعرییه‌تی خۆیشی بپارێزێ که‌ زمانه‌که‌یه‌تی .

شێعر له‌ ئاستێکی به‌رزتره‌وه‌ ده‌ڕوانێ بۆ سیاسه‌ت وله‌ سه‌نگی مه‌حه‌کی ده‌دا،

به‌ڵام سیاسه‌ت وه‌ک که‌ره‌سته‌ له‌ شێعر ده‌ڕوانێ و وه‌ک کۆیله‌یه‌ک باری بێگاری پێ دێنێ و رۆحی وشک ده‌کات . شێعری ئه‌مڕؤ هه‌ڵگری هه‌موو ده‌غده‌غه‌کانی ژیانی مرۆڤی سه‌رده‌مه‌ ، به‌ تایبه‌ت ئه‌و نه‌هات وکاره‌ساتانه‌ی   له‌ جیهان وده‌وروبه‌ری شاعێردا، هه‌روه‌ها له‌ ناو ئینسانی هاوزمانی ئه‌ودا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه‌.

دنیای شێعری ئه‌مڕۆ وه‌ک خه‌یاڵی مرۆڤ به‌ربڵاو وبێ سنووره‌ به‌ ئه‌شق و خه‌بات وشکست وسیاسه‌تیشه‌وه‌ ، به‌ڵام دنیای سیاسه‌ت( ئه‌مڕۆ) ئه‌وه‌نده‌ به‌رته‌سکه‌ ، هه‌رجێی درۆی سیاسه‌تبازانی تێدا ده‌بێته‌وه‌. ئیتر ده‌نگی گه‌ل وره‌نگی گه‌ل و حه‌زوخه‌م خواسته‌کانی ده‌روونی ئه‌وانی تێدا نییه‌.

 

له‌ شێعردا ، هه‌ر به‌ته‌نیا لابردن و وه‌لانانی  کێش وسه‌روا ده‌بێته‌ نوێگه‌ری ؟

 

کێش وسه‌روا (وه‌زن وقافیه‌) به‌شێکی موسیقای شێعره‌ . ته‌نیا لابردنی ئه‌و لایه‌نه‌و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌ی لایه‌نه‌ گرنگه‌کانی دیکه‌ی شێعر ، هه‌رگیز نابێته‌ هه‌وڵێکی جیددی و داهێنانی تازه‌ی شێعری . مه‌رجی سه‌ره‌کی بۆداهێنانێکی تازه‌و تازه‌تر   پێش هه‌مووشتێک ئه‌وه‌یه‌ ، شاعیر به‌ ئاگای وزانیاری یه‌وه‌ شێواو ئه‌زموونه‌ شێعرییه‌کانی پێش خۆی و زه‌مانی خۆی به‌ باشی ناسیبێ و ئه‌م به‌ ته‌جروبه‌و زمانی تایبه‌تی خۆی له‌ په‌یکه‌ره‌ی باوی شێعردا ئاڵ وگۆڕوداهێنانێکی وای به‌ دی هێنابێ که‌ که‌س نه‌یکردبێ و له‌ ئه‌نجامدا کاره‌که‌ی ببێته‌ رێچکه‌یه‌ک که‌ به‌ره‌ی دواتر به‌ دوای خۆیدا بکێشێ و به‌رهه‌می له‌ ناو خه‌یاڵ وبیری خوێنه‌ردا شوێن دانێ وهه‌روه‌هایش له‌ ناو ئه‌ده‌بی شێعری وڵاته‌که‌یدا رێ وشوێنی خۆی بکاته‌وه‌ .

 

خه‌ڵک وه‌ک جاران روو له‌ شێعر ناکه‌ن ، نزیک بوونه‌وه‌ی خه‌ڵک وشێعر چۆن ده‌کرێ ؟

 

یه‌که‌م هه‌موومان باش ده‌زانین که‌ ژیانی مادی ومه‌عنه‌وی خه‌ڵک پڕژان و وێرانه‌. گرنگترین نیازی کۆمه‌ڵ ئه‌مڕۆ په‌یداکردنی بژیوه‌ "نان"   نرخی مادی وئه‌ندێشه‌ی دنیای سه‌رمایه‌داری ته‌نگی به‌ مه‌عنه‌وییه‌تی ئینسانی ودنیای ده‌روونی مرۆڤ هه‌ڵچنیوه‌ . ده‌ی جا ، شێعر له‌ که‌ش وهه‌وای ئاوا قیزه‌ون دا ، له‌ وێرانستانی ده‌روونی بێ باردا چۆن ریشه‌ داکوتێ و له‌ وشکه‌ داری بێ باری فکری کۆمه‌ڵگادا چۆن باڵا بکات وگوڵ بگێ؟ من ئه‌و حاڵه‌یش به‌ تاوانی خه‌ڵک نازانم .

هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتان خه‌ڵکیان به‌و شێوه‌   به‌ وێرانی و بێ باری فکری ده‌وێ .

له‌ لایه‌ک به‌ برسێتی وماته‌م ورووخانی خه‌نده‌وشادی ...

له‌ لایه‌کیتر به‌ راست وچه‌پ ، هه‌ڵخه‌و هه‌ڵپه‌ڕینی بێ بنه‌ماو دوور له‌ واقیعیه‌تی ژیانی خه‌ڵک ، له‌ راستیدا ماته‌مگیروهه‌ڵخه‌ی بێ شادی له‌ ده‌روونه‌وه‌، له‌ باری فکرییه‌وه‌ چۆڵ وهۆڵ وێرانن..

دووهه‌م هۆکارێکی دیکه‌ی دابڕانی خه‌ڵک له‌ شێعر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر شێعر یان خودی شآعیر . چونکه‌ شاعیر بیه‌وێ ونه‌یه‌وێ له‌ ناو ئه‌وچوارچێوه‌ فه‌رهه‌نگی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئایینی ، رامیاری وئابوورییه‌دا ده‌ژی که‌ خۆی و خه‌ڵکیشی تێدا به‌ندن شاعیر ئه‌گه‌ر شتێکی تازه‌ی بۆ گوتن هه‌بێ به‌ ته‌ئکید ده‌بێ له‌ گه‌ڵ مرۆڤ ،  به‌رده‌نگی(موخاتب) کۆمه‌ڵگای خۆی پێوه‌ندی سۆزوعاتفی هه‌بێ .

ئه‌گه‌ر به‌ هه‌رناوێک ونیازێک له‌ دنیای ده‌وروبه‌ری خۆی دابڕێ ، به‌رهه‌می وه‌ک دارێکه‌   له‌ خاک هه‌ڵکه‌ندرابێ ، ریشه‌ی بێ بژیو ده‌مێنێ و خۆیشی وشکایی دێ .

هونه‌رمه‌ندێک نه‌توانێ له‌ ناو خه‌یاڵ وئه‌ندێشه‌ی به‌رده‌نگی زمانی خۆیدا بژی ، ته‌مه‌نی شێعری کورته‌و مه‌ودایه‌کی بۆ ژیان و ته‌وه‌نه‌کردن نابێ . ئه‌گه‌ر خه‌ڵک به‌رهه‌می شاعیرێک به‌ به‌شێک له‌ ده‌غده‌غه‌وخه‌ون وتاسه‌کانی خۆی بزانێ،بێ گومان وه‌ری ده‌گرێ و به‌ هاوسۆزی له‌ گه‌ڵی ده‌ژی .

ئێستایش پاش حه‌فتسه‌دساڵان ، حافز زمانی ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵ وهه‌ستی ئێرانییه‌کانی داگیر کردووه . ئه‌م رازه‌ له‌ چیدایه‌ ؟ حافز راسته‌وخۆ قسه‌ی نه‌کردوه‌و شوعاری نه‌داوه‌ . جۆرێکیش قسه‌ی نه‌کردوه‌ خه‌ڵک لێی تێ نه‌گه‌ن  زمان یان شێعرییه‌ت وه‌ک هونه‌ری حافز له‌ گه‌ڵ هزرو په‌یام ، هه‌موو له‌ ئاستێکی به‌رزدان ، واته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ گرنگه‌کانی شێعری به‌رز راگرتوه‌ . ئه‌وکاته‌ هه‌ر له‌ ده‌ورو زه‌مانی حافزدا شاعیرانێکی تر هه‌بوون که‌ له‌ سه‌ر سه‌کۆکانی ده‌سه‌ڵات دا ئازاد بوون وشێعریان ده‌گوت .

حافزیان به‌وه‌ تاوانبار ده‌کرد که‌ موڕته‌دده‌ یان باسی مه‌منووعه‌ی " ئه‌شق" ده‌کات یان شێعری به‌ جۆرێک بۆنی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی لێ دێت ... و ته‌نانه‌ت رێگه‌ی هیچ مزگه‌وتێکی شێرازی نه‌بوو . که‌چی ئه‌مڕۆ ناوی هیچکام له‌و جۆره‌ شاعیرانه‌ نه‌ماوه‌ ، به‌ڵام حافز هه‌ر له‌گه‌ڵ زه‌مان دا ده‌ژی .

ئه‌مڕۆ هه‌ندێ لای خۆشمان ناراسته‌وخۆ له‌ زمانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ شێعر به‌وه‌ مه‌حکووم ده‌که‌ن که‌ نابێ له‌ شتێک بدوێ که‌ ره‌نگ وبۆنی سیاسه‌ت بدا ! شێعر ته‌نیا شێعرو هیچی تر . باشه‌ ئه‌مڕۆکه‌ ده‌غده‌کانی ئینسانی سه‌رده‌م ، خه‌یاڵ وخولیاکانی ، هاواروتاسه‌کانی ( به‌بیانووی ناسیاسه‌ت ) له‌ شێعر ئه‌گه‌ردابڕین ئیتر خه‌ڵک به‌ چ ئاستێک له‌ گه‌ڵ شێعرماندا په‌یوه‌ندی فکری وعاتفی ببه‌ستن و شێعر به‌ زمان حاڵی خۆیان بزانن ؟

ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ ژینگه‌ی شاعیردا ، رۆژێک هه‌زاران کاره‌سات وجه‌نایه‌تی دژی مرۆڤایه‌تی روو ده‌ده‌ن . ناشێ باس بکرێن چونکه‌ سیاسه‌تن ؟!

شاعیری خۆمان بۆ جێژوانی چۆڵی پاوان(مه‌منووعه‌) به‌ تووڕه‌یی ده‌گری وفرمێسکی شاعیرانه‌ هه‌ڵده‌ڕێژێ   و له‌ گه‌ڵ موبایله‌که‌ی ده‌دوێ ...

که‌چی ناشێ خودی ئه‌شق ببینێ   که‌ به‌سه‌ر داری بێ ده‌نگی شه‌قامه‌وه‌ ده‌شکێته‌وه‌ !

شاعیر له‌ وانه‌یه‌ به‌ چه‌واشه‌ گوتنی خۆی خه‌ڵک به‌وه‌ تاوانبار بکا که‌ له‌ زمانی دنیای خه‌یاڵی ئه‌و تێ ناگه‌ن ، که‌چی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌ نابینێ که‌ ده‌یان ملوێن هاوزمانی ئه‌و ، ده‌یان ملوێن ئینسانی به‌رده‌نگی ئه‌و له‌ زمانی خۆیان ( سه‌ره‌کی ترین مافی ئینسانی ) به‌ دوورومه‌حروومن و...

له‌ کۆتایدا ده‌ڵێمه‌وه‌ که‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ئه‌مڕؤ له‌ شێعر ته‌ریکن با به‌شی زۆری له‌ خۆمانی بزانین .

شاعیر کێیه‌و که‌سایه‌تی وپێگه‌ی له‌ ناو کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی خۆی چۆنه‌؟

چی بۆ گوتن پێیه‌و بۆ کێی ده‌بێژێ وچۆنی ده‌بێژێ و... ؟

 

 

**********************************************

 

+ نوشته شده در  جمعه بیست و یکم دی 1386ساعت 8:11  توسط حسن اميني  | 

هاوژينه‌كه‌م ده‌مه‌و به‌هــــــار

كاتێ رووبار نادا بـــــــــــوار

به‌ڵێن ئه‌ده‌م بۆتۆی هــــاوڕاز

ببم به‌پرد به‌ به‌رده‌بــــــــــــاز

 

هاوينی سوور كاتێک هه‌تـاو

تين وبڕست ئه‌بڕێ له پيــــاو

به‌ڵێن ئه‌ده‌م بۆتۆی هاو سه‌ر

ببمه شنه ببمه سێــــــــــبه‌ر

 

جه‌نگه‌ی پايز كاتێک خــه‌زان

ئاڵو گۆڕ ئه‌خاته جيــــــــهان

به‌ڵێن ئه‌ده‌م تا نێو گــــــۆڕێ

هيچێک دڵمت لێنه‌گــــۆڕێ

 

چله‌ی زستا ن كاتی سه‌‌رمـــا

كه كه‌س ناژی به بێ گه‌رمـــا

به‌ڵێن ئه‌ده‌م بۆ تۆی هاوژين

ببم به گڕ ببـــــــــــــم به تين

+ نوشته شده در  چهارشنبه نوزدهم دی 1386ساعت 16:27  توسط حسن اميني  | 

مانگه‌شه‌وی شه‌وگاری من

 

بێ تۆ زه‌رده به‌هــــاری من

 

بێ تۆ  جه‌ژن نه‌بوه‌و نابێ

 

له دێهات و له شـــاری من

 

 

 

دێ ده‌نگێ به‌زم وهه‌رايه

 

كۆڕی شادی و مووسيقايه

 

بێ تۆ شاديم كۆڕی شيـنه

 

هاڕه‌ی هه‌ياسه‌كه‌ت نايه

 

 

مامۆستا كه‌ی خۆشه‌ويستم

 

هانده‌ری شيعر و هه‌ڵبه‌ستم

 

به بێ يادت كه ئيلــــــــــها‌مه

 

زارم لاڵه كۆڵه ده‌ستـــــــــــم

 

 

ئه‌ی هه‌تاوی رووناكی ژيـــن

 

ژيوه‌رناكه‌م بێ تيشك وتين

 

بێ تۆ ژينم ديــــــلی شه‌وه

 

بێ بزه‌يه ومات و خه‌مــــين

+ نوشته شده در  جمعه چهاردهم دی 1386ساعت 7:49  توسط حسن اميني  | 

 

سووچێكی په‌رده‌كه‌ی لاداو چاوی وه‌ك كه‌للاشووشه‌ی ده‌س مناڵ ‌خسته‌خواره‌وه‌وله سه‌رشه‌قامه‌كه ئه‌م به‌ره‌وبه‌ركێی پێ ئه‌كرد... شنه‌با تاونه‌تاوێ په‌رده‌كه‌ی له‌سه‌ر روخساری ئه‌خشان‌كه‌زۆر‌ پێی عاجزبوو وئه‌توت ده‌می ‌كارتێكه‌وده‌یه‌وێ سووراو وسپیاوی سه‌رشووشه‌ی گۆنای بكڕێنێت چی دیكه خۆی پێ ‌رانه‌گیراو هه‌ستا سه‌رپێ ‌وده‌ستی دایه پرچی ئاڵۆزی په‌رده‌كه‌و وه‌ك په‌لكه‌ی خۆی بێت لوولی كردو به‌ته‌نافێكی ‌گوڵه‌ندار به‌م به‌ره‌وبه‌ری په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ هه‌ڵیواسی ‌وخۆی رزگار‌كردو هه‌مدیسان له‌ته‌نیشتی په‌نجه‌ره‌كه دانیشته‌وه‌وهه‌ربه‌
كه‌لاشووشه‌ی چاوه‌كانی كه‌وته‌وه هه‌ڵماتێن‌وگه‌مه‌ویاری له سه‌رشه‌قامه‌كه،زۆرجاربه‌ته‌واوی رۆح وجه‌سته‌ی تێکه‌ڵ به‌ هاتووچۆی وپیاسه‌ی رێبواران ئه‌کرد، سواری جوانترین وشیکترین ماشێنه‌کان ئه‌بوو پاڵی له‌ ماشێنه‌ شه‌ق وشڕه‌کانه‌وه‌ئه‌نا ،ده‌ستی له‌ نێوده‌ستی به‌تاڵی تاکه‌ رێبواری سه‌لت وره‌به‌نی نێوگۆڕه‌پانه‌که‌وه‌‌ئه‌نا، جارجاریش مه‌له‌وانی بیری ئه‌چوه‌ قوڵاییه‌کانی بیروئه‌ندێشه‌ی و رواڵه‌تی دیمه‌نه‌کان ئه‌شکان وشۆڕترئه‌بوه‌وه ‌‌به‌ناخی رووداوه‌کانداوهه‌ستی بێ مافی ،نابه‌رانبه‌ری وجیاوازیه‌ هه‌مه‌ره‌نگه‌کان له‌جێی خۆیدا سووردایئه‌گیرسان وسه‌ری سووڕئه‌ما که‌ئه‌یدی:ئه‌وهه‌موه‌ ماشێنه‌ تویوتاوسایپا له‌وێدا چاوه‌ڕوانی بوخچه‌وبارێکن که‌چی ئه‌وپیاوه‌یش یه‌خه‌چاڵێکی له‌کۆڵ ناوه‌و ئه‌یگوێزێته‌وه‌‌...
..وازی له‌وه‌یش ئه‌هێنا به‌رده‌وام ئه‌مبه‌روئه‌وبه‌ری ئه‌کرد،ماندوونه‌ده‌بوودیمه‌نه‌کانی پێش دووربینی چاوی به‌رده‌وام له‌ئاڵوگۆڕدابوون، مۆدوشێوه‌ی جل وبه‌رگی جوان وئاڵوواڵ په‌یتاپه‌یتا مه‌لی حه‌زونیگای ئه‌هێنایه‌ خه‌نین وهێنده‌هه‌ڵده‌فڕی وبه‌رزئه‌بوه‌وه‌ له‌بیری نه‌ده‌ما له‌کام شه‌قام وکام وڵاتدا پیاسه‌ئه‌کات! تابلۆی رایه‌ڵکراوی سه‌رشه‌قامه‌که‌ ئیستێکی به‌ته‌یری تیژباڵی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌داو وه‌خۆئه‌هاته‌وه‌ له‌ له‌نده‌ن ومسکۆ وپاریسه‌وه‌ دائه‌به‌زییه‌سه‌ر"شه‌قامی کوردستان"! که‌چی هه‌رله‌دڵه‌راوکێدابوو ده‌ستی پرسیاری چه‌کوش ئاسا هه‌رله‌سه‌رمێشکی ده‌داو له‌سه‌رسووڕماندا ئه‌خولایه‌وه دیمه‌نه‌کان له‌گه‌ڵ ناونیشانی تابلۆکه‌ی سه‌رشه‌قامه‌که‌ نه‌ده‌گونجان"شه‌قامی کوردستان"!! هیچ جیاوازییه‌ک به‌دی نه‌ده‌کرابه‌ خایله‌وه‌ ئه‌خولایه‌وه‌و ئه‌یوته‌وه‌: چه‌ن خۆشه‌ وه‌ک یه‌کبوون، وه‌ک یه‌ک به‌شداربوون وه‌ک یه‌ک ‌خۆشی، وه‌ک یه‌ک ره‌نج ومه‌ینه‌ت، وه‌ک یه‌ک...
رێبوار، ماشێن جل وبه‌رگ هه‌رهه‌موویان جیهانی، سه‌خت وئه‌سته‌م بوو بۆی، ناسینه‌وه‌ی مه‌کان وجوگرافیای ئه‌ودیمه‌نانه‌ له‌دوور ڕا جامانه‌به‌سه‌رێکی ره‌چاوکرد! مه‌لی حه‌زی وه‌ک دره‌ختێکی به‌رزه‌باڵای دی بێت یان مناره‌یه‌کی دیبێته‌وه‌ به‌خێرایی بۆی حه‌واکه‌وت و رێک له‌سه‌ری نیشته‌وه وچانێکی گرت وپشوویه‌کی پیاهات له‌خۆشیاندا ئۆقره‌ی لێبڕابوو هه‌دووسواربوون ئه‌م به‌سه‌ر سه‌ری پیاوه‌که‌وه‌ پیاوه‌که‌یش به‌سه‌رئه‌سپی شه‌قامه‌که‌وه‌..‌ به‌وه‌یش رازی نه‌ده‌بوو ویستی به‌ده‌نووک له‌ خولیاوحه‌زوتاسه‌وئێش وژانه‌کانی کووله‌که‌ی ژێرجامانه‌که‌ ئاگه‌داربێت، که‌وته‌وه‌ دڵه‌ڕاوکێ وکۆڵانه‌ته‌نگ وتاره‌کانی شک وگومان‌ : تۆبڵێی ئه‌م ‌سه‌ره‌ سه‌ری خۆی بێت!؟ تۆبڵێی ئه‌م پیاوه‌ که‌چه‌ڵ نه‌بێت وله‌به‌رعه‌یبه‌ ئه‌م جامانه‌وئاغه‌بانوو وه‌ی له‌سه‌رنابێت!؟ ئه‌گه‌روابێت ئه‌بێ ئه‌م کوردوکوردستانه‌ داماوه‌ چیها منه‌تی بێ جێی به‌سه‌ردا کرابێت!؟.
ژان وبرکی ئه‌م پرسیاروشک وگومانانه‌ ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوو کۆڵان کۆڵان وه‌دووی وڵام ده‌گه‌ڕا وه‌ک ماڵ دزراو سووزنی شکی له‌هه‌موو شوێنێک ئه‌دا خول خول ئه‌خولایه‌وه‌.. له‌پڕدا شریخه‌یه‌ک شیرازه‌ی خه‌ون وخه‌یاڵه‌کانی لێپچڕاندوهۆش وبیرونیگای وه‌ک ملوانکه‌ی پچڕاو دانه‌دانه‌ ڕژایه‌ سه‌رشه‌قامه‌که‌، که‌ دیتی دووماشێن لێکیان دابوو..
زۆر زوو شه‌وق وشه‌واره‌ی ورده‌ شیشه شه‌قامه‌که‌ی گۆڕا وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌مپه‌رێک پێش به‌ رووبارێک بگرێت هه‌تا ده‌هات رووباری رێبوارو ماشێن پۆنگی ئه‌خوارده‌وه‌، هه‌ر ئه‌توت هه‌تا ئێستا شتی وا نه‌ بو وه‌و ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ رووئه‌دا !! ئه‌توت خه‌ڵک هیچ خه‌مێکی نیه‌و ئه‌مه‌ یه‌که‌م خه‌میه‌تی ئه‌یخوا، هه‌ر هه‌موو بۆ له‌زه‌تێکی چاو ببوونه‌ چاو وگوێ،
- چی بوه‌؟
- چی روویداوه‌؟
.. وه‌ک ده‌ڵێن : خه‌تا تاڵه‌ که‌س له‌ ئه‌ستۆی ناگرێت" قه‌ره‌باڵغ به‌رده‌وام بوو هه‌ر شۆفیرو رێبواربوو ئه‌بوونه‌ پسپۆڕ وشاره‌زا جه‌ماعه‌تێک ئه‌یانوت: شۆفیڕوبه‌ره‌ی ئه‌مڕۆ سڵ له‌هیچ ناکات ده‌سته‌یه‌کی دیکه‌ شۆفیره‌کانی دواوه‌یان تاوانبارئه‌کرد که‌وا رێچکه‌و شۆێنی تایبه‌ت به‌خۆیان نیه‌و هه‌ربه‌دوای ئه‌م وئه‌وه‌وه‌ سه‌رپێوه‌ ئه‌نێن! هه‌ندێک شه‌قام وماشێنه‌کانیان کۆن وقوڕازه‌وچکۆله‌وبه‌رته‌سک ئه‌زانی ، تاقمێکیش رایان له‌سه‌رئه‌وه‌بوو ئه‌م پێچه‌ خواروخێچه‌ سێحروجادووی لێکراوه‌ جن ومێرده‌زمه‌ی لێیه‌و هه‌مووجارێک هه‌روایه‌ رۆژنیه‌ رووداونه‌خوڵقێنێت که‌سانێکی تر پێیان وابوو ئه‌م شه‌قامه‌ سه‌حه‌بی هه‌یه‌وده‌بێ پێشتر مه‌رقه‌دی پیروپیاوچاک بووبێت ئه‌مه‌رۆحی ئه‌وه‌ جارجاره‌ دێته‌ سه‌ر رێ..
..هه‌روه‌ها هه‌تا ده‌هات بیروبۆچوونی تازه‌ سه‌ری هه‌ڵئه‌دا هه‌رهه‌موویشیان ئایه‌ره‌وپێوانه‌کانیان جێهانی بوو به‌ڵام شه‌قامه‌که‌ هی شاروچکه‌ی کوردستان بوو!، هه‌ردووشۆفیڕ که‌ چایی چاوه‌ڕوانییان داکردبوو هه‌تا سارده‌وه‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌فسه‌ری راهنمایی وراننه‌ده‌گی بوون هه‌ریه‌که‌و خۆی به‌ حه‌قدار به‌سه‌رئه‌وی دیکه‌دا ئه‌زانی.. چاوه‌ڕوانی وه‌کوو ته‌مێک ره‌وایه‌وه‌ به‌چراهه‌ڵکردن وبۆق لێدان وئاژیرکێشان ئه‌فسه‌ره‌که‌ گه‌یشته‌ شوێنی رووداوه‌که‌و جه‌ماوه‌ر ته‌مووره‌یان دا .. هه‌رجۆربوو ئه‌فسه‌ره‌که‌ له‌ ماشێنه‌که‌ی دابه‌زی و وه‌ک ئه‌وه‌ی ره‌سمییه‌تی دابێت به‌خۆی کڵاوه‌که‌ی له‌سه‌رنا وچه‌ندجار به‌ده‌وروبه‌ری ماشێنه‌کاندا خولی خواردوچاوێکی له‌ملاوئه‌ولاکرد سه‌رنج ونیگای ئاشقانه‌ هه‌ڵفڕییه‌ به‌رپه‌نجه‌ره‌ی نیوه‌تاکی ئه‌وبه‌رشه‌قامه‌که‌، هه‌ندێکی دیکه‌ هه‌ڵسووڕاو ده‌فته‌ری ره‌سمکردنی ده‌رهێناو له‌سه‌رکابووتی یه‌کێک له‌ ماشینه‌کان له‌نگه‌رێکی بۆخۆی چێکرد وکه‌وته‌ کێشانه‌وه‌ی کورووکی وخه‌ریته‌ی شه‌قام وشوێنی رووداوه‌که‌.. خه‌ڵکی پۆنگ خواردو تێیان هه‌ڵکرده‌وه‌ هه‌رکه‌س به‌گه‌زوچاره‌کی خۆی پێوانه‌ی ئه‌کرده‌وه‌.
- خه‌تاکاران ئه‌وانه‌ن پێشڕه‌و وپێشه‌نگن وله‌به‌ره‌وه‌ ئه‌ڕۆن ئه‌وان جوان بڕۆن ئه‌وانه‌ی دواوه‌یش هه‌ر رێی ئه‌وان ئه‌گرن..
- ده‌بێ په‌نجا په‌نجا بێت ..
- خه‌تاکاروتاوانباری راسته‌قینه‌ ئه‌وانه‌ی دواوه‌ن ئه‌گه‌ر ئه‌وان رێچکه‌ورێبازی خۆیانیان ئه‌گه‌رببێت له‌پشت سه‌ری که‌سه‌وه‌ هه‌نگاوی کوێرانه‌ هه‌ڵناگرن..
هه‌رکه‌ ئه‌فسه‌ره‌که‌ لێبوه‌وه‌ وکۆتایی به‌کێشانه‌وه‌ونووسینه‌کانی هێنا ، خه‌ڵک وشۆفیڕه‌کانیش هه‌رهه‌موویان واقیان وڕ مابوو چاویان بڕیبوه‌ به‌نچه‌ره‌ودیمه‌نی ناو کورووکی یه‌که‌ی به‌رده‌ستی ئه‌فسه‌ره‌که‌؛ پرچێکی په‌خش وپه‌رێشان له‌پشت میله‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ ئه‌یویست شۆڕبێته‌وه‌ به‌ره‌وشه‌قامه‌که‌.. جه‌ماعه‌ت که‌ئه‌مه‌یان دی هه‌رهه‌موویان ته‌یری نیگایان به‌ره‌و په‌نجه‌ره‌که‌ی ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌ که‌وته‌ فڕین وباڵه‌ته‌پێ، گرێی په‌رده‌که‌یش له‌هه‌ردوولاوه‌ به‌ئه‌سپایی ترازاو دادرایه‌وه‌و رووباری شه‌قامیش وه‌ک نه‌بای دیبێ ونه‌بۆران که‌وته‌وه‌ هاتووچۆی وه‌ک جاری جاران.
+ نوشته شده در  دوشنبه دهم دی 1386ساعت 15:8  توسط حسن اميني  | 

مامۆستاكه‌ی گوندی ئێمه‌

گه‌وره كچێکی نه‌جيبه

هه‌ندێک ئه‌ڵێن :

خانم مدير

هه‌ندێک پێی ئه‌ڵێن : زه‌عيفه

سه‌ره‌ڕای گشت

ترس و خۆفێک

له تاریکی له ته‌نیایی

به ر‌به‌يانان وه‌ك هه‌تاوێ

تيشك ئه‌خاته نێو ئاوایی

مه‌ترسی جاده‌و رێگاوبان

جه‌رده‌ ، نامه‌رد

تۆف و زریان

ئه‌مانه‌ی گشت له‌ رێ دایه‌

به‌ڵام هیچی به‌ دڵ نایه‌

كچه و كه‌چی

هه‌تا ده‌نگی ئه‌لف و بێی ئه‌وبێ

له نێو دێ

چه‌ن به‌ره‌كی و بێسه‌وادی

جنۆكه و خێوی سه ر كانی

رووناكه‌نه ئاوه دانی

+ نوشته شده در  چهارشنبه پنجم دی 1386ساعت 17:5  توسط حسن اميني  | 

له تۆ زيزم

له زه‌وی زارتا زمانی :

زبر‌و زه‌برو زه‌نگی ئه‌ڕوێت !

له تۆ تووڕه‌م

له تۆره‌تا ،  گه‌ل گلاوی گفت وگۆيه !

گفت‌وبه‌ڵێنت درۆيه !

له تۆهه‌ڵدێم

له هه‌وێڵتا به‌رزايی به‌زه‌يی چپه‌ن

          پێ‌ده‌شتی     تاوان     هاواره !

له تۆ ترسام

له هه‌ره‌شه‌ی ئێواره‌تا

نيه سوزی : سبح وسه‌حه‌ری وسه‌ڵايه‌ك !

له ته‌وڕاتی ته‌واوبوونتا

نيه سووڕه‌ی : سرته‌و سه‌برو  سه‌ره‌تايه‌ك !

         له تۆ ترسام

                   كه لێت زيزم

                              كه لێت تووڕه‌م

                                               كه لثت هه‌ڵدێم

 

 

                                                           

تۆره =قامووس -فه رهه نگ

هه وێڵ=هه رێم -مه كان

+ نوشته شده در  سه شنبه چهارم دی 1386ساعت 21:26  توسط حسن اميني  |