هاوژینه‌که‌م به رۆژوشه‌و
لێم حه‌رام بێ خۆراک وخه‌و
رهێڵه‌ی خه‌م بێ به‌سه‌رما
شڕه‌ی ره‌شی کا به به‌رما
تۆم له گه‌ڵ بی قه‌ت پیر نابم
قه‌ت له به‌ندی خه‌م گیر نابم
هێزی داگیر که‌ری که‌سه‌ر
له ده‌روونما نه‌چێته ده‌ر
په‌نجه‌ی پڕ هێزی برک وژان
ئازارم ده‌ن به بێ وچان
تۆم له گه‌ڵ بی قه‌ت پیر نابم
قه‌ت له به‌ندی خه‌م گیر نابم
گڕی لاویم بێ به پشکۆ
پشکۆم ببێ به ژیله‌مۆ
چاویلکه بنێم له چاوم
گۆچان هان بدا هه‌نگاوم
تۆم له گه‌ڵ بی قه‌ت پیر نابم
قه‌ت له به‌ندی خه‌م گیر نابم
هه‌ست وسۆزم لا نه‌مێنێ
هیچ دیمه‌نێ نه‌مدوێنێ
هیچ خه‌یاڵێک نه‌مبا بۆ دوور
ده‌ورم بگرن شووره‌و سنوور
تۆم له گه‌ڵ بی قه‌ت پیر نابم
قه‌ت له به‌ندی خه‌م گیر نابم
به‌فری ته‌مه‌ن رووم داگرێ
کچی شایی ده‌ستم نه‌گرێ
هێزی سستی ده‌ورم ته‌نێ
به‌ره‌وژوورکه پێم پێ که‌نێ
تۆم له گه‌ڵ بی قه‌ت پیر نابم
قه‌ت له به‌ندی خه‌م گیر نابم